بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم سەرجەم ڕێگاکان چاک دەکرێنەوە و دەکرێنە دووساید

	 بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم سەرجەم ڕێگاکان چاک دەکرێنەوە و دەکرێنە دووساید
- بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە بۆ ڕێگاوبان گوتی، دوای چەندین کۆبوونەوە لە ئەنجومەنی وەزیران، چەندین بڕیار دەرکران، لەوانە مانگانە ھاوشێوەی پێش قەیرانی دارایی، پارە بۆ چاککردنەوەی ڕێگاکان تەرخان دەکرێت و دوای ئەوەش دەست بە دروستکردنی ڕێگای نوێ دەکرێت و ھەموویشیان دەکرێنە دووساید و ئێستا ھەنگاوی کرداری دەستی پێ کردووە.



بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە بۆ ڕێگاوبان، سدقی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فەرمانی دەرکردووە کە بۆ چاککردنەوەی ڕێگاکان پێویستە ھاوشێوەی پێش قەیرانی دارایی، مانگانە بودجەیان بۆ خەرج بکرێت، کە سلێمانی زیاتر لە٣٠٠ملیۆن دینارە و ئەوەی ھەولێریش زیاتر لە٢٠٠ملیۆن دینار و داواشیان کردووە بۆ دروستکردنی ڕێگاکان و پڕۆژەی نوێ کەشفیان بۆ ڕەوانە بکەین، ھەر ڕێگایەک پێویستی بە چەند پارە ھەیە، بۆ ئەوەی بۆیان تەرخان بکرێت، بۆ نموونە، بۆ ڕێگای کۆیە چوار ملیار و ٣١١ملیۆن تەرخان کراوە، ئینجا ھەر کەشفێک بۆ ڕێگایەک بکرێت، پارەی بۆ تەرخان دەکرێت."

بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: "وەکو قۆناغی یەکەم ڕێگاکان چاک دەکرێنەوە و دواتر دەست بە دروستکردنی ڕێگای دووساید دەکرێت و ئێستا دەست بە چاککردنەوەی ڕێگاکان کراوە."

سدقی ئامێدی باسی لەوەش کرد: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە پێویستە کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە و سەرجەم ڕێگاکان چاک بکرێنەوە و ڕێگاکانیش بکرێنە دووساید."
kdp-
Top