لە سنووری كەركووك ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی کورد بەر درا

 لە سنووری كەركووك ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی کورد بەر درا


لە سنووری قەزاید دووبز و ناوچەی "هەفتەغار"ی سەر شارۆچکەی داقووقی بە پارێزگای كەركووك، ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی کورد بەر دراوە.



بەپێی زانیارییەكان درەنگانی شەوی شەممەی رابردوو 18/5/2019 ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندی (قەرەدەرە)ی كوردنشینی سەر بە شارۆچكەی دووبز لە سنووری پارێزگای كەركووك بەر دراوە، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا هەر لە سنووری گوندێكی دیكەی كوردنشینی دووبز، عەرەبە هاوردەكان گەنم و جۆی جووتیارانی كوردیان بۆ خۆیان دروێنە كردووە.



هەر بەپێی زانیارییەكان، درەنگانی شەوی رابردوو 18/5/2019، ئاگر بەردراوەتە زەویی كشتوكاڵی گوندی (مەنسوور)ی سنووری ناوچەی "هەفتەغار"ی سەر بە داقووق و زیانی مادی لێ كەوتەوەتەوە.



ئەمڕۆ یەكشەممە 19/5/2019، هیوا رەشید، بەرپرسی ناوچەی داقووقی پارتی، ڕاگەیاند، شەوی رابردوو ئاگر بەردراوەتە زەوی كشتوكاڵی ناوچەی "تەلحەمە"ی سەر بە داقووق و تا درەنگانێكی شەو ئاگرەكە نەكوژاوەتەوە.



گوتیشی: "تەلحەمە ناوچەیەكی موحەڕەمەیە و داعش لە ناوچەكە پەرەیەكی زۆری سەندووە و دەستی ئەوانی تێدایە لە سووتاندنی زەوی كشتوكاڵی و ئەوان شەوانە بە ئارەزووی خۆیان جموجۆڵ دەكەن و بەو هۆیەوە خەڵك لە دڵەڕاوكێیەكی زۆر دایە".








باسنیوز
Top