ھەڕەشەی دەركردن لە كوردانی گەڕەكی عەرەفەی كەركووك دەكرێت
دڵشاد پیرۆت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، چەند رۆژێكە بە ناوی جێبەجێكردنی یاساوە، ھێزە ئەمنییەكانی كەركووك بە فەرمانی پارێزگاری سەپێندراو، دەیانەوێ بە زۆر ھاووڵاتیانی كورد لە چەند گەڕەكێكی نێو شاری كەركووك دەربكەن و خانووەكانیان بڕووخێنن.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتیشی، لە باشووری كەركووك لە ژێر دەسەڵاتی راكان سەعیدی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكدا، سەدان خانوو بە زێدەڕۆیی دروست كراون، كەچی دێت یاسا بەسەر كوردا جێبەجێ دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە، ئەو خانووانەی ئێستا دەیانڕووخێنن، ھەموویان موڵكی كوردانی كەركووكن.
پیرۆت ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، زۆرن ئەو ناوچە كوردنشینانەی ھەڕەشهی رووخاندنی خانووەكانیان لێ دەكرێت، بەڵام لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە پۆلیسی كەركووك و ھێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە چەندین جار ھەڵیانكوتاوەتە سەر كوردانی گەڕەكی عەرەفە و ژمارەیەك خانوویان رووخاندوون و ھەڕەشەیەكی زۆریش لەسەر ئەوانی دیكە ھەیە.
لەبارەی بێهەڵوێستیی لانە كوردییەكان، دڵشاد پیرۆت دەڵێت: "ئێمە وەك پارتی لە كەركووك نین تا بەرگری لە خەڵك بكەین، ئەو لایەنە سیاسیانەی لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەریش لە شارەكە ماون، ھیچ دەستەڵاتێكیان نییە و عەرەب بە ئارەزووی خۆیەتی چی دەكات و پارێزگاریش كەركووكی بەسەربازگە كردووە".
kdp-
