بەغدا هێزێکی دیکەی تایبەت بە شنگال پێک دێنێت
کاوە خەتاری، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین، تایبەت بە کوردانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ھێزێکی نوێ بۆ دەڤەری شنگال پێک بێت، زۆر ھێزی عێراقی لە ھەوڵدان بۆ پێکهێنانی ھێزێکی دیکەی تایبەت بە شنگال، بەڵام پێم وایە بەھۆی زیادبوونی ھێزی سەربازییەوە ڕەوشی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، چونکە ھەمووی ئەو ھێزانەی ئێستا لە شنگالن، ھێزی نایاسایین."
سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین دەڵێت: "ھەر ھێزێک لە عێراق ھەبێت پشکی لە شنگالدا ھەیە، واتە ھەموو لایەنەکان بەگوێرەی قەبارەی خۆیان دەستیان خستووەتە نێو ڕەوشی شنگالەوە. ھەبوونی ھەر ھێزێک لە شنگال، جگە لە ھێزی پێشمەرگە، زیان بە کوردانی ئێزدی دەگەیەنێت."
کاوە خەتاری ئاماژەی کرد: "نووسینگەی کاروباری کوردانی ئێزدی لە شاری مووسڵ دەکرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و چالاکانی دەڤەری شنگال داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو، ئەوانیش ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵام پێویستە نووسینگەکە سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵ بیت و نابێت ھیچ ھێزێک دەست بخاتە نێو نووسینگەکەوە و وەک حکوومەت خزمەتی کوردانی ئێزدی بکات."
kdp-
