لەبارەی براکەیەوە سروە عەبدولواحید بە نهێنی چووەتە لای بەرپرسێکی یەکێتی
ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی یەکێتی کە ڤێلا و شوققەیان لە گوندی ئەڵمانی هەیە و پێشبینیی بوونی پەیوەندیی بازرگانیشیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید لێ دەکرێت، لە هەوڵی ئازادکردنی دان و کاری جددی بۆ ئەنجامدانی سوڵح و چارەسەرکردنی کێشەکەی شاسوار عەبدولواحید لە دەرەوەی دادگا دەدەن.
(باسنیوز) زانیویەتی کە هەر ئەو سەرکردانە، دیدارێکیان لە نێوان سروە عەبدولواحید، خوشکی شاسوار عەبدولواحید و یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی لە بەغدا ڕێک خستووە. لەو کۆبوونەوەیەدا داوا لە سەرکردە باڵاکەی یەکێتی کراوە، هەوڵەکانی خۆی بۆ ئازادکردن شاسوار عەبدولواحید چڕ بکاتەوە. بەڵام نازاندرێت کە لە بەرامبەردا سەرکردەکەی یەکێتی داوای چی لە سروە عەبدولواحید کردووە.
ڕۆژی پێنج شەممە ١٦/٥/٢٠١٩ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەھۆی سکاڵای شادیە نەوزاد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی کە تۆمەتی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ڕووتی دابووە پاڵ، لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە دەستگیر کرا.
باسنيوز
