کەمال کەرکووکی: دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە قۆناغێکی ترسناک دایە

کەمال کەرکووکی: دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە قۆناغێکی ترسناک دایە
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ڕای دەگەیەنێت، بارودۆخی ئەمنیی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی ترسناکەوە.

د. کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ڕايگەیاند: "بۆ چاککردنی بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان تەنیا ڕێگەی چارەسەر جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بۆ ئەوەی زوو ڕێگری لەم کارانە بکرێت، چونکە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە گۆڕانکارییەکی ترسناک بەسەر ئەو ناوچانە ھاتووە و دەبێ ئاسایی بکرێنەوە".

ھاوکات ئاماژەی بەوەش دا: "شاندەکانی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک کار دەکەن، بۆ ئەوەی لەسەر بابەتێک ڕێک بکەون و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ بکەن ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ئەمڕۆ دەبینین بەرھەمی جووتیارەکان لە خانەقین دەسووتێنرێ و ڕۆژانە کاری تیرۆریستی دژ بە کورد ئەنجام دەدرێت، ھەروەھا لە کەرکووک و قەزا و ناحییەکانی کاری تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت و زەویی کشتووکاڵی و ماڵی کورد داگیر دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیرۆریستانی داعش سەرانە لە دانیشتوانی ناوچەکە وەردەگرن، بەتایبەت لە ناوچەکانی حەویجە و ڕیاز و عەباسی و زاب و ڕەشاد و شوێنەکانی دیکە".

کەمال کەرکووکی ڕوونییش کردەوە: "بارودۆخەکە چووەتە قۆناغێکی ترسناکەوە و دەبێ بە چارەسەرێکی کردەیی کاری بۆ بکەن، ئەویش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت زیاتر جدی بێت و پەلە بکەن و پابەندی دەستوور بن".

ھەر لەو بارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی شاندی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک ڕايگەیاند: "ئێمە لەسەر ھێڵین، بەڵام ئەم بابەتە پێویستی بە ھەوڵێکی بەپەلە و بڕیارێکی سیاسی لە نێوان ھەولێر و بەغدا و کۆبوونەوەی بەپەلەی ھەردوو حکوومەت ھەیە".










باسنيوز
Top