لوڕستان.. لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا 18 کەس بوونە قوربانی

لوڕستان.. لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا 18 کەس بوونە قوربانی
فەرماندەی پۆلیسی شاری خوڕەم‌ئاوا لە پارێزگای لوڕستان، ئاشکرای کردووە ئەمڕۆ شەممە 2019.5.18 لە ئەنجامی شەڕی بنەماڵەیی و عەشیرەیی 18 کەس بوونەتە قوربانی.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، حاجی محەمەد مەدهیان‌نەسەب، ڕای گەیاندووە، بەهۆی کێشە و ناکۆکیی نێوان دوو عەشیرە لە خوڕەم‌ئاوای لوڕستان، شەڕ و پێدادان ڕووی داوە کەلە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.

فەرماندەی پۆلیسی خوڕەم‌ئاوا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و بریندارەکان ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراون و لەو پەیوەندییەدا 40 کەسیش دەستگیر کراون.

ساڵانە لەناو هۆز و عەشیرەکان لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و زەوی و زار شەڕ و پێکدادان ڕوو دەدات و ساڵانە بە دەیان حاڵەتی کوشتن لەناو ئەو عەشیرانە دێتە ئاراوە.










باسنيوز
Top