مەشقکردنی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دەست پێدەکاتەوە

 مەشقکردنی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دەست پێدەکاتەوە


جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لە دەست پێکردنەوەی مەشقەکانی پێشمەرگە لەلایەن وڵاتان دەکەنەوە.



لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”سبەی یەکشەممە ١٩ی ٥ی ٢٠١٩، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، دەست بە مەشقکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەنەوە“.



ڕوونیشی کردەوە کە سەرجەم ڕاوێژکارانی وڵاتانی هاوپەیمانان مەشقەکانیان دەست پێ دەکەنەوە و ”هاوشێوەی پێشوو دەبێت، هیچ گۆڕانکاری تێدا ناکرێت و وەک خۆی بەردەوام دەبێت“.



هەر لەمبارەیەوە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کەسێک بەناوی ھێزەکانی ئەڵمانیاوە لێدوانێکی داوە کە گوایە بەم نزیکانە مەشقەکانیان دەست پێدەکەنەوە، بەڵام تا ئەوکاتەی مەشقەکانیش دەست پێ نەکاتەوە، نازانرێت ئاخۆ تەنیا لە ھەرێم مەشقەکانیان دەست پێدەکاتەوە یان لە ھەموو عێراق؟".



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە: "ئەوان لە کاتی سڕکردنی مەشقەکان و دەستپێکردنەوەی، ڕوونکردنەوەی زۆر نادەن، چونکە بڕیارەکەیان بۆ خۆپارێزییە و بە ھیچ شێوەیەک زانیاری نادەنە دەرەوەی ھێزەکان و ڕاھێنەرەکانی خۆیان".





باسنیوز
Top