سبەی ناوی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

 سبەی ناوی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت


سبەی یەکشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠١٩، ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکرێت کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید کردووە.



خەدیجە عومەر، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: ”سبەی ناوی کاندیدانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت“.



ڕوونیشی کردەوە، ئەو کاندیدانەی کە ناوەکانیان پەسەند ناکرێت، دەتوانن لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە دادگای تەمیز، تانە لە بڕیاری پەسەندنەکردنی ناوەکانیان بدەن و دواتر لە ماوەی دوو ڕۆژدا دادگای تەمیز تانەکان یەکلایی دەکاتەوە، پاشان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی سێ ڕۆژدا وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دادەنێت.



ئەو ئەندامەی لێژنەی یاسایی پەرلەمان باسی لەوە کرد کە بەپێی ڕێکارەکان، ”پێدەچێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا وادەکە دیاری بکرێت“.



بەپێ پێشنیازی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، شێوازی دەنگدان بە ئاشکرا دەبێت و هەر کەسێک ببێتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێوستی بە دەنگی ٥٦ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان هەیە.





باسنیوز
Top