پەرلەمانی کوردستان داوایەک ئاراستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکات
دوای ھۆشدارییەک لە حکوومەتی ئەمریکاوە بۆ ھاووڵاتییانی لە عێراق و دواتر راگرتنی مەشقی بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بەھۆکاری ھەرەشەی ھێرشکردن بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی، رێبوار بابکەی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان ھیچ ھێزێکی چەکداری نییە شەری بە وەکالەت بۆ ئێران بکات بە پێچەوانەی باشوور و ناوەراستی عێراق بۆیە داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکەین سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان بە بریارەکەیدا بچێتەوە".
گوتیشی: "لە دوای ساڵی 2003ەوە ھیچ ئەمریکییەک لە ھەرێمی کوردستان نەکوژراوە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسیی ئابووریی و ئەمنییەوە جیاوازە".
رێبوار بابکەی بە پێوستی دەزانێت ئیدارەی ترەمپ بە بریارەکەیدا بچێتەوە و ھەولێر جیابکاتەوە لە باشوور و ناوەراستی عێراق.
بەھۆی ھەرەشەی ھێرشکردنە سەر بنکە سەربازیی و راوێژکارەکانیان، ھاوپەیمانانی شەری داعش مەشقی سەربازیان بە تەواوی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق راگرتووە.
باسنيوز
