مافی مرۆڤ داوا دەکات تاوانەکانی بەعس بە جینۆساید بناسێندرێن
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2019، عەقیل جاسم ئەلموسەوی، کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رژێمی بەعس چەندین تاوانی دژ بە گەلانی عێراق ئەنجام دا.
عەقیل جاسم ئەلموسەوی لەرۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکان (16ـی ئایار) بەیاننامەکەی دەرکردووە و تێیدا داوای کردووە حکوومەتی وڵاتەکەی کار بکات بۆ بە دادگایی گەیاندنی تاوانبارانی رژێمی بەعسی عێراقی.
سەرۆکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق داواشی لە حکوومەتی وڵاتەکەی کردووە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات تاوانەکانی رژێمی بەعس بە جینۆساید دژی مرۆڤایەتی، بناسێنێت.
رژێمی بەعس لە ساڵی 1968 بە کودەتا هاتە سەر حوکمڕانیی عێراق و بەردەوام بوو لە حوکمکردنی ئەو وڵاتە تا ساڵی 2003 لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رووخێندرا.
رژێمی بەعس، بە تایبەت لە ساڵانی دوای 1975 تا راپەڕینی بەهاری 1991، سەدان تاوانی دژ بە گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە قێزەوەنترینیان بریتی بوون لە؛
- ئەنفالکردنی 182 هەزار هاووڵاتی.
- ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی.
- کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخوەسانان، هەڵەبجە و بادینان.
- سووتاندن و وێرانکردنی چوار هەزار گوندی کوردستان.
باسنيوز
