ئاسایشی هەولێر ئەنجامدەری تەقینەوەیەکی مووسڵ دەستگیر دەکات

ئاسایشی هەولێر ئەنجامدەری تەقینەوەیەکی مووسڵ دەستگیر دەکات
هێزەکانی ئاسایشی شاری هەولێر ئەنجامدەری تەقینەوەیەکی شاری مووسڵ دەستگیر دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2019 بڵاو کراوەتەوە بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندووە، ئەحمەد محەمەد مهێدی ساڵح دانی بەوەدا ناوە، کە تەقینەوەیەکی لە نزیک کۆمەڵگای رۆشنبیری لە مووسڵ ئەنجام داوە.

رۆژی 4-5-2019، ماتۆڕسکیلێک لەبەردەم کۆمەڵگای رۆشنبیری لە مووسڵ تەقییەوە و بووە هۆی برینداربوونی سێ کەس.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەحمەد محەمەد مهێدی ساڵح لە سنووری چالاکییەکانی ئاسایشی هەولێر بە بڕگەی 1ـی ماددەی 4ـی تیرۆر، دەستگیر کراوە.

هەروەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی تایبەتمەندیی یاسایی، لەگەڵ دادگای پەیوەندیدار لە حکوومەتی عێراق هەماهەنگی دەکەن بۆ رادەستکردنەوەی ئەو تیرۆریستە بە هێزە عێراقییەکان.










باسنيوز
Top