باڵێکی سەر بە یەکێتی لە نێو گۆڕان دەستیان لەکار کێشایەوە

باڵێکی سەر بە یەکێتی لە نێو گۆڕان دەستیان لەکار کێشایەوە
گرووپێک هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان کە پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەبووە و بە باڵە یەکێتییەکەی نێو گۆڕان ناسراون، دەستیان لەکار کێشایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ئایاری ٢٠١٩، هەریەک لە مەلا فەرمان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ئەحمەد عەزیز، ڕێکخەری ژوری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان، عەبدولڕەحمان عەبدوڵا (ناسراو بە عەول) ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان، عەبدوڵا حەبیب و لەتیف فاتیح فەرەج، ئەندامانی ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکار کێشایەوە.

هاوکات لە نامەیەکدا هۆکارەکەیان بۆ چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە کە یەکێک لەوانە، گوایە جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان هیچ پشک و ئەجێندایەکی ئەوتۆیان بۆ کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان نەبووە.

جگە لەوەی سەرکردایەتیی گۆڕانیان بە لادان لە ڕێگەی ڕاست تۆمەتبار کردووە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بزووتنەوەکە ”بەرەو هەڵدێر دەڕوات“.

هەریەک لە مەلا فەرمان و ئەحمەد عەزیز، کادیرە کۆنەکانی یەکێتین و ئێستاش نێوانیان لەگەڵ یەکێتی خۆشە و خانەوادەی (عەول)یش بە خانەوادەیەکی یەکێتی ناسراون، بۆیە دەست لەکار کێشانەوەیان، بە کشانەوەی باڵە یەکێتییەکەی نێو گۆڕان دادەنرێت.









باسنيوز
Top