پەرلەمان ڕۆژی شەممە ناوی کاندیدەکان بۆ سەرۆکی هەرێم ئاشکرا دەکات
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕای دەگەیەنێت، ڕۆژی شەممە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ناوی ئەو کەسانە ڕادەگەیەنێت، کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان کاندید کردووە.
زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: "دوێنێ چوارشەممە دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان داخرا، بەڵام کاتژمێر ١١ی ڕۆژی شەممە 2019.5.17 دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناو و ژمارەی ئەو کەسانە ڕادەگەیەنێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: "بەپێی نوێترین یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم تا پەسەندکردنی دەستوور، لە خاڵی سێ و بڕگەی یەکەم لە مادەی (٤)ی یاساکە دوای دوو ڕۆژ دەبێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناوەکان رابگەیەنێت، ئەوانەی ناوەکانیان ڕاناگەیەنرێت، دەتوانن لە دادگاوە تانە لە ئەنجامی ڕاگەیاندنەکە بدەن، بۆ ئەوەش دوو ڕۆژیان لەبەردەم دەبێت، بۆیە دوای ئەو کاتە هەر بەپێی هەمان یاسا دادگا پێویستە لە ماوەی دوو رۆژدا ئەنجامەکان رابگەیەنێت و لە دواییشدا ئەنجامەکانی دادگا بنێردرێتە پەرلەمان، واتە جارێکی دیکە تانەی لێ نادرێتەوە".
زانا مەلا خالید، ئەوەشی خستە ڕوو: "هەڵیژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم دوا وادە و دانیشتنی پەرلەمان دەبێت و بەپێی خاڵی پێنج بڕگەی یەکەم لە مادەی چوار، پێویستە لە ماوەی سێ رۆژ لە ڕاگەیاندنی بریاری بنبڕ لە تانەکان، سەرۆکی هەرێم لە دانیشتنێکی پەرلەماندا هەڵببژێردرێت".
باسنيوز
