سیروان ڕۆژبەیانی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا: بە بەرهەمی کارەکان ئێمە بناسنەوە

سیروان ڕۆژبەیانی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا: بە بەرهەمی کارەکان ئێمە بناسنەوە
جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا بەبۆنەی دەست بەکاربوونی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا چۆنیەتیی کارکردنی لە پۆستی جێگری پارێزگاری نەینەوا ڕوون کردەوە.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگای نەینەوا لە بەیاننامەکەیدا کە رای گەیاندووە، لەگەڵ پارێزگار و ئەنجومەنی شار و ناوچەکانی نەینەوا، بە یەک تیم بۆ خزمەتی پارێزگاکە کار دەکەن.

سیروان رۆژبەیانی کە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، بەڵێن بە خەڵکی سنووری پاێزگاکەی دەدات، کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەینەوا بەتایبەت ھەموو ئەو ناوچانەی بەھۆی داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش وێران بوون، دەکات.

ھەروەک لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، ئەو بەرپرسە کوردەی پارێزگای نەینەوا هەروا رای گەیاندووە، لەماوەی دەست بەکاربوونی لە پۆستەکەی، پارێزگاریی لە بەھا جوانەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کورد، تورکمان، عەرەب، مەسیحی، موسوڵمان، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی و سابیئەی مەندائی، دەکات کە سەرجەم ئەو پێکهاتانە لە سنووری پارێزگای نەینەوا هەن.

ھەروەک سیروان رۆژبەیانی ئاماژەی پێ داوە، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئاو، تەندرووستی و رێگاوبان، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، لە کارە لەپێشینەکانی دەبێت و جیاوازییش لەنێوان ھیچ پێکھاتە و ناوچەیەک ناکات.

لەبارەی کوردانی ئێزدیی شنگال کە بەشێکە لە پارێزگای نەینەوا، رۆژبەیانی بەڵێنی داوە ھەوڵی گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان بدات، جگە لە چارەسەرکردنی خەم و ئازارەکانیان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.

سیروان رۆژبەیانی، وێڕای سوپاسکردنی ھەموو ئەو ھاووڵاتی و لایەنانەی پشتگیرییان کرد بۆ بوونی بە جێگری پارێزگاری نەینەوا، دووپاتی کردووەتەوە، ”بە پشتیوانییەکانتان ئێمە بۆ پێشخستنی ژیان لە شارەکەمان دەست پێدەکەین، ئێوەش لە داھاتوودا بە بەرھەمی کارەکان ئێمە بناسنەوە“.

رۆژی ١٣-٥-٢٠١٩، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سیروان رۆژبەیانی کە ئەوکاتە بەڕێوەبەری شاردەێی شەمامک بوو لە پارێزگای هەولێر، وەک جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا ھەڵبژارد.

پارێزگای نەینەوا کەوتووەتە رۆژئاوای شاری ھەولێر، شاری مووسڵ سەنتەری ئەو پارێزگایەیە. قەزاکانی (سەنتەری مووسڵ، شنگال، بەعاج، ئەلقۆش، بەرتللە، تەلەعفەر، حەزەر، شێخان و مەخموور) لەخۆوە دەگرێت و بەشێکی بەرچاوی سنوورەکەش، ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن.










باسنيوز
Top