"عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتیی فەوجێکی مغاویر گوندێکی ناحیەی سەرگەڕانیان داگیر کرد"
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی قەرەچووخی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئێوارەی دوێنێوە عەرەبە ھاوردەکانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان ھێزیان کۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ھێرشی سەر ناوچەیەکی کوردنیشن بکەن و ئەمڕۆ بەیانی بە پەنجا ئۆتۆمبێڵ کە زیاتر لە ٢٠٠ چەکداریان تێدا بووە و ھەمووی عەرەبی بەعسی بوون، ھێرشیان کردووەتە سەر گوندی پەڵکانەی ناحیەی سەرگەڕان، پێشتر لە دوای ساڵی ١٩٧٥ ئەو عەرەبە شۆڤێنیانە زەویی کوردیان داگیر کردبوو."
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "ھێرشەکەی عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتیی فەوجی چواری مغاویری سوپای عێراق کراوە، کە موقەدەم ڕۆکن وەلا شەوقی، فەرماندەی ئەو فەوجەیە و بە ھەردوولا ھێرشیان کردووەتە سەر پەڵکانە و داگیریان کردووە."
عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "لە کاتی ھێرشەکەدا ھەر کوردێک بەرگریی کردبێت لە لایەن ئەو فەوجەی مغاویرەوە دەستگیر کراوە و جگە لە داگیرکردنی گوندەکە ژمارەیەک ھاووڵاتیی کورد دەستگیر کراون."
کرمانج عەبدوڵڵا زانیاریی لەبارەی پڕۆسەی داگیرکاریی ئەو سنوورە خستە ڕوو و گوتی: "ئەوان باسی یاسا دەکەن، پێشتر دادگای فیدڕاڵی بڕیاری داوە ئەو کێشانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، نابێ دادگای ناوچەکان دەستکارییان بکات، بەداخەوە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بە پاڵپشتیی دادگای ناوچەکە گوندی کوردان داگیر دەکات."
KDP-
