سەرۆکی هوداپار: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ئارامیی ناوچەکەدا زۆر گرنگ و دیارە
پێش ماوەیەک لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی باڵای هوداپار بە سەرۆكایەتیی ئیسحاق ساغلام، سەرۆكی گشتیی هوداپار و جێگر و ژمارەیەك لە ئەندامانی شوورای ناوەندیی ئەو حزبە كرد.
ئیسحاق ساغلام، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "دیداری یەکەم نییە لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکەین، لە هەموو دیدارەکانماندا بە گەرمی لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازیمان لێ کراوە، ئەو دیدارانە لە هەموو ڕوویەکەوە ئەرێنی بوون و بۆ باس لە چەندین پرسی گرێدراو بە کورد و ناوچەکەوە بوون."
ساغلام ئاماژەیشی دا: "لە کوردستان و ناوچەکەش سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی هەیە و توانیویە ڕۆڵێکی گەورە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاریشەکانی کورد و ناوچەکەش بگێڕێت و بووەتە مەرجەع بۆ ناوچەکە، چونکە بەهۆی سیاسەت و لیزانیی ئەوەوە ئێستا کوردستان لە قۆناغێکی بڵنددایە، چونکە هەمیشە بەرژەوەندیی کوردستانی پێش هەموو شتێک خستووە."
ساغلام دەشڵێ: "کوردستان لە ناوچەکەدا زۆری زوڵم و ستەم دیتووە، بەڵام ئێستا کوردستان لە قۆناغیکی زێرین و نموونەدایە، چونکە ئەو پێکەوەژیانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، بووەتە نموونە بۆ ناوچەکە."
KDP-
