پارتی بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاندید کرد
فراکسێونی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سیڤی و ناوی نێچیرڤان بارزانی ڕادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و بە فەرمی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاندیدی کردووە.
بەپێ راگەیەندراوەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سبەی چوارشەممە ١٥ی٥ی٢٠١٩ سەعات ١١ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم دادەخرێت و دوای دوو رۆژ ناوی کاندیدە پەسندکراوەکان ئاشکرا دەکرێت.
دواتر دوو رۆژ مۆڵەت دەدرێت بو تانەلێدان لەو کەسانەی ناویان وەک کاندید وەرنەگیراوە و دواتر لە ماوەی دوو رۆژدا دادگای تێھەڵچوونەوە وەڵامی تانەکان دەداتەوە پەرلەمانی کوردستان و پاش ئەم پرۆسەیە، پەرلەمان دەبێت لە ماوەی سێ رۆژ وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیاری بکات.
بەپێ پێشنیازی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوو جێگری دەبێت و سەرۆک خۆی دەسەڵاتەکانیان دیاری دەکات.
باسنيوز
