سەدان کەسی عەرەب بە پشتیوانیی سوپای عێراق پەلاماری گوندێکی سەرگەڕان دەدەن

سەدان کەسی عەرەب بە پشتیوانیی سوپای عێراق پەلاماری گوندێکی سەرگەڕان دەدەن
بەرێوەبەری ئاسایشی کەرکووک ئاشکرای کرد کە ئەگەر هەیە شەڕ لە نێوان کورد و عەرەب لە سنووری شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز درووست ببێت.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠١٩، زیاتر لە ٢٠ بنەماڵەی عەرەب کە سەدان کەس دەبن و ئەوانەن کە کاتی خۆی ڕژێمی بەعس هێنابوونیە ناوچەکە، بە پاڵپشتیی هێزێکی زۆری مغاویری سەر بە سوپای عێراق، چوونەتە سەر گوندی (پەلکانە) و چەندان خانووی بەتاڵیان دەست بەسەردا گردووە.

لەمبارەیەوە عەمید ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک ڕای گەیاند: ”لەسەر پرسی زەوی و زار، هەندێک عەرەب چوونەتەوە سنووری سەرگەڕان و کوردەکانیش کە زەویی موڵکی خۆیانە، ڕووبەڕوویان بوونەتەوە“.

هۆشداریشی لە بارەی ئەگەری سەر هەڵدانی شەڕ لە نێوان کورد و عەرەب لە سنووری سەرگەڕان دا و ڕای گەیاند: ”ئەم رەوشە پێویستی بە چارەسەر ھەیە“.

پەلکانە گوندێکی دەوروبەری ناحیەی سەرگەڕانە لە قەزای دوبزی پارێزگای کەرکووک، لای باکووری ڕۆژئاوای گوندەکەش ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموورە.










باسنيوز
Top