مووسڵ.. ئەمڕۆ پارێزگار و جێگرەكانی هەڵدەبژێردرێن

 مووسڵ.. ئەمڕۆ پارێزگار و جێگرەكانی هەڵدەبژێردرێن
بەپێی نووسراوێكی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە پارێزگار و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن، بە گوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكەش، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دواناخرێت و پۆستی جێگری یەكەمیش بۆ كوردە.

لە نووسراوێكی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵدا، كە واژۆی سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجومەنەكەی بەسەرەوەیە و وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، هاتووە: "دوای لەسەركارلادانی پارێزگار و جێگرەكانی، ماوەیەكە مووسڵ بێ پارێزگارە، بۆیە بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (١٣-٥-٢٠١٩)، پارێزگار و جێگرەكانی هەڵبژێرین".

هەر لەوبارەیەوە، سەیدۆ حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ پاریزگار و هەردوو جێگرەكانی دەستنیشان دەكرێن، كە نزیكەی ٤٠ كەس بۆ پۆستی پارێزگار بەربژێرن.

حەسەن گوتیشی: "كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دواناخرێت، هەروەها پۆستی جێگری یەكەمیش بۆ كوردە و لە نێویشیاندا بۆ پارتییە، بۆیە كاندیدمان دەستنیشان كردووە".

لە ٢٤ــ ٣ ــ ٢٠١٩ــدا، بەلەمێكی گەشتیاری لە شارەكە نقوم بوو، كە زیاتر لە ١٠٠ كەس بوونە قوربانی و ئەمەش كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی عێراقدا بە دوای خۆیدا هێنا، هەر بەو هۆیەشەوە پارێزگار و جێگرەكانی لەسەر كار لادران.


KDP-
Top