"حەفتەی دابێ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای دادگای ئیتیحادی دەکات"


بڕیارە لە حەفتەی دابێ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ پڕۆژەیاسای دادگای ئیتیحادی بکات و نوێنەرێکی کوردیش ئاشکرای کرد، کورد پێداگیرە لەسەر ھەڵوێستەکانی و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەپێی دەستوور، کارەکانی پێشووی دادگاکە لە دەرەوەی دەستوور بەڕێوە چووە.



ھەدار بارزانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند ساڵێکە پڕۆژەیاسای دادگای ئیتیحادی ئامادە کراوە و بەداخەوە خولی ڕابردووی پەرلەمان نەیتوانی دەنگی لەسەر بدات و ماوەتەوە بۆ خولی ئێستای پەرلەمان. بەپێی دەستووری عێراق پێویستە دامەزراندنی دادگای ئیتیحادی کاتی بێت بۆ ماوەی دوو ساڵ دواتر یاسای تایبەتی بۆ دەربکرێت."

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێ: "ئەگەر بێت و ئێمە باس لە دەستووری ھەمیشەییی عێراق بکەین ماوەی چەند ساڵێکە ئەو دادوەرانە لە دەرەوەی دەستووردا کارەکانی بەڕێ دەکەن، چونکە ئەو ماوەیەی بۆی دیاری کراوە تێپەڕیوە و یاسای بۆ دەرنەکراوە."

ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەیاسای دادگای ئیتیحادی پێشتر لە لایەن پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، ئێمە وەک پەرلەمانتارانی کورد پێش چەند ڕۆژێک ڕاوێژمان کرد لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و یەکێتیی پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی ھەڵوێستی کورد لەبارەی دادگاکەوە دیار بێت."

پەیوەست بە مەرجەکانی کورد، ھەدار بارزانی گوتی: "بەپێی پڕۆژەکە، ئەو دادگایە یازدە ئەندامی دەبێت و ھەر چوار ئەندام بۆ بەشێک دانراون، بەڵام ھەبوونی چوار دادوەر لە دواڕۆژدا کێشە دروست دەکات. لەبەر ئەوە، ئێمە پێمان وایە پێویستە کەم بکرێتەوە بۆ سێ دادوەر، کوردێک و شیعەیەک و سوننەیەک، ئێستا کورد سێ دادوەری وەک ئەندام لە دادگای ئیتیحادیدا ھەیە."

kdp-
Top