لەبارەی کاندیدەکانی حزبەکەوە سبەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە

لەبارەی کاندیدەکانی حزبەکەوە سبەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسی کاندیدەکانی حزبەکە بۆ پۆستەکانی پشکی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

بڕیارە سبەی سێشەممە ١٤⁄٥⁄٢٠١٩، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرپەرشتیی کۆسڕەت ڕەسووڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای حزبەکە و بابەتی کاندیدەکان، کۆببێتەوە.

لەمبارەیەوە نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕای گەیاند: "من ئاگاداری ناوەڕۆک و کاتی کۆبوونەوەکە نیم، بەڵام یەکێتی بەدوای میکانیزمێکدا دەگەڕێت و کۆبوونەوەی لەسەر دەکات، تا شێوازی دیاریکردنی وەزیرەکان پێشکەش بە حکوومەتی نوێ بکات".

پێشتر زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی ڕايگەیاندبوو، یەکێتی لێژنەیەکی بۆ ھەڵبژاردنی کاندیدەکان پێکھێناوە و لەڕێگەی ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە لەسەر ئاستی پسپۆڕی و شارەزایی، کاندیدەکانیان یەکلا دەکەنەوە.

پێشتر ڕزگار محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕای گەیاندبوو کە یەکێتی ئێستا بەسەر پێنج باڵدا دابەش بووە و هەوڵەکانیشیان بۆ ئاستەنگکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، بەهۆی کێشەی ئەو باڵانەوە بووە.











باسنيوز
Top