دوو کادیری حزبی سۆسیالیست شەھید کران

دوو کادیری حزبی سۆسیالیست شەھید کران
لە گوندی ئەحمەد تاھر سوورەمیری لە سنووری خانەقین، دوو کادیری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان شەھید کران.

لەو بارەیەوە جەلیل سەعید، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: "دوو کادیری مەڵبەندی خانەقینی حزبی سۆسیالیست شەوی ڕابردوو 12/5/2019 لە گوندی ئەحمەد تاھر سوورەمیری شەھید بوون".

گوتیشی: "ھەردوو شەھیدەکەی حزبی سۆسیالیست باوک و کوڕن بە ناوەکانی (نەجم ئیبراھیم مستەفا) و (دلێر نەجم ئیبراھیم)، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ئاخۆ عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە تەقەیان لە دلێر نەجم کردووە، یاخود داعش بووە، بەڵام لەوکاتەدا دلێر شەھید بووە، باوکیشی بە ھانایەوە دەچێت، دواتر باوکیشی شەھید کرا"..

ڕوونیشی کردەوە: "حەشدی شەعبی بەرپرسیاریەتیی ئەمنی ئەو ناوچانەیان لە دەستە و ڕێگریان کردووە لەوەی کە بە ھانایانەوە بچن، لەبەر ئەوەی ڕووداوی نەخوازراوی دیکە ڕوو نەدات، بەھۆی دانانی عەبوە و نیشانەشکێنەکانی داعش".

بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا تەرمی ھەردوو شەھیدەکەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی توێکاریی پزیشکی، لە بەعقووبەیە، "دواتر دەگەڕینرێنەوە و بە خاکیان دەسپێرین".












باسنيوز
Top