گەشتی دەرەوەی وڵات لە شاسوار عەبدولواحید قەدەغە دەکرێت

گەشتی دەرەوەی وڵات لە شاسوار عەبدولواحید قەدەغە دەکرێت
بە بڕیاری دادگا، گەشتکردن لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکان و مەرزە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ قەدەغە دەکرێت، پاش ئەوەی لەلایەن پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکەیەوە بە هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ڕووت تۆمەتبار کرا.

لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی دادگای سلێمانی لە بارەی سکاڵاکەی شادیە نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جووڵانەوەکەی بە دانانی کامێرای نهێنی و هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ڕووت تۆمەتبار کردبوو، دادگا بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی ئاسمانی و چوونە دەرەوەی وڵات لە شاسوار عەبدولواحید قەدەغە کردووە.

لەمبارەیەوە عەمید ئاسۆ تەھا، بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕايگەیاند: "ڕاستە سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکراوە و کەیسەکە لە دادگایە، بەڵام ئەو کەیسە ھیچ پەیوەندییەکی بە ھێزەکانی پۆلیسەوە نییە، چونکە ئاسایش لێکۆڵینەوەی لێ دەکات، بێگومان ئێمە نازانین ئایا بەبڕیاری دادگا گەشتی دەرەوەی وڵات لە شاسوار عەبدولواحید تۆمار کراوە یان نا“.

هاوکات تاھیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕايگەیاند: "ھیچ زانیارییەکم لەسەر ئەوە نییە کە گەشتکردن لە ڕێگەی فڕۆکەخانە لە شاسوار عەبدولواحید قەدەغە کرابێت، چونکە ئەو پرسە پەیوەندی بە ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ھەیە و ھەرچی ھەبێت ئەوان کاری یاسایی خۆیان دەکەن“.

ڕوونیشی کردەوە کە مەرج نییە هەر کەسێک گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە بکرێت، ئەو ئاگادار بێت و لە وردەکاریی هەندێکیش لە کەیسەکانی پەیوەندیدار بە ئاساییش، ئاگادار نییە.

لەلایەن خۆیەوە دڵشاد نافز، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان، ڕايگەیاند: "کەیسی سکاڵای شادی نەوزاد دژی شاسوار عەبدولواحید لەدادگا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و تاوەکو ئێستا چەندین بەڵگەنامە لەسەر دۆسیەکە ئاشکرابوون“.

ڕوونیشی کردەوە، دادگای لێکۆڵینەوە لەسەر سەلامەتیی دۆسیەکە، دەتوانێ لێکۆڵینەوەی توند بکات یان شاسوار عەبدولواحید ئەگەر بڕیاری دەستگیرکردنی ھەبێت، بۆ ئەوەی لەیاسا هەڵنێت، دادگای لێکۆڵینەوە دەتوانێ گەشتی ئاسمانی و تێپەڕبوون لە خاڵی سنووری لە شاسوار عەبدولواحید قەدەغە بکات.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٩، شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ ئاشکرای کرد کە شاسوار عەبدولواحید و “باندەکەی” ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ڕووتیان لێی کردووە و کامێرای نھێنیشیان لە کابینەکانی چاڤیلاند داناوە.











باسنيوز
Top