ڕانیە.. کچێکی مێرمنداڵ بەھۆی بەرکەوتنی گوللە گیانی لەدەست دا

ڕانیە.. کچێکی مێرمنداڵ بەھۆی بەرکەوتنی گوللە گیانی لەدەست دا
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد درەنگانی شەوی ڕابردوو لە گوندێکی سنووری شارەدێی چوارقوڕنەی سەر بە ڕانیە، کچە قوتابییەکی مێرمنداڵ بەھۆی بەرکەوتنی گوللەوە گیانی لەدەست داوە.

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "درەنگانی شەوی ڕابردوو تەرمی کچێکی تەمەن ۱۳ ساڵ بەناوی (ھـ.د) کە قوتابی بووە و دانیشتووی گوندی "قەمتەران"ی سەر بەشارەدێی چوارقوڕنەیە ھێنرایە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە کە شوێنەواری فیشەکێک بە جەستەیەوە بووە".

گوتیشی، بە گوتەی کەسوکاری کچەکە، ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە براکەی بەناوی (م.د) تەمەن ۱۰ ساڵ لە ماڵی خۆیان دەستکاریی چەکی کردووە و لەو کاتەشدا فیشەکێک لە چەکەکە دەرچووە و بەر خوشکەکەی کەوتووە و بەو ھۆیەوە گیانی لەدەست داوە".

ئێستا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.










باسنيوز
Top