ئەمریکا پرسی ئێران لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکات

 ئەمریکا پرسی ئێران لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکات
پاش تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەلجیکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا پرسی ئێران و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.



بەپێی هەواڵی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە 2019.5.13 سەردانی ڕووسیا بکات، بەڵام بەرنامەی سەفەرەکەی گۆڕدراوە و سەرەتا لە برۆکسێل لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە ناوچە و جیهان و یەک لەوان گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تاوتوێ دەکات و بڕیارە سبەینێ سێشەممە سەردانی ڕووسیا بکات.



مایک پۆمپیۆ پێشتر رای گەیاندبوو کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ هەناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆلن بۆ کەنداو، بۆ بەرەنگاربووەنوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێرانە لە ناوچەکە و بەپێی زانیارییەکان لە واشنتۆن (ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) لە ئارا دایە، بۆیە هێزە ئەمریکییەکان بۆ پەرچەکردار لەو کاتانەدا ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجی ئەمریکا لەم کارە "جەنگ" نییە.



لەلایەکی دیکەشەوە هەفتەی ڕابردوو یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی ئێرانی دایەوە و ئەو مۆڵەتە 60 ڕۆژەیەی کە بۆ وڵاتانی پێنج کۆ یەک دیاریی کردبوو ڕەت کردەوە.



ڕۆژە لە دوای ڕۆژ گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکە زیاتر دەبن و هەردوولا بە جۆرێک تەیارکردنی هێزیان لە بەرانبەر یەکدی دەست پێکردووە و ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی زۆر وڵاتی ناوچەکە و بەم بۆنەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کردووە لە ترسی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران سەردانی عێراق نەکەن.





باسنيوز
Top