خەسرۆ گۆران: پارتی لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان قسەی دەبێت

 خەسرۆ گۆران: پارتی لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان قسەی دەبێت
بڕیارە حەفتەی دابێ پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆ ببێتەوە و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی پارتیش دەڵێ، پارتی دەیەوێ لە ھەندێ پرسی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو بەرچاوڕوونی ھەبێت.



خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی ١٨ی ئایار پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆ ببێتەوە و جارێکی دیکە خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت، لەبەر ئەوەش، ئەمڕۆ دەزگای ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسی ھەموو نووسینگەکانی ھەڵبژاردنی حزب کۆ بووەوە."

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیدا بڕیار درا، پارتی وەک ھێزێکی سەرەکی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆی ڕابگەیەنێت لەبارەی ھەمواری پڕۆژەکە و لە ڕۆژانی داھاتوودا ھەڤاڵانمان لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ پێشنیار و ھەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین."

دەربارەی ئەو خاڵانەی پارتی دەیەوێ لە کاتی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا لەبەرچاو بگیرێن، خەسرۆ گۆران ڕوونی کردەوە: "ئێمە زۆر خاڵمان ھەیە و دەمانەوێ بەرچاوڕوونیمان ھەبێت لە کاتی ھەمواری پڕۆژەکەدا، لەوانەش، ھەژمارکردنی کۆرسی، واتە سیستەمی کۆرسی چۆن دەبێت لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، ھەروەھا دەنگدانی ئاوارەکان چوون دەکرێ، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، لەوێ خەڵکێکی زۆر ئاوارەیە و دەبێ چارەنووسیان بۆ دەنگدان دیار بێت."
kdp-
Top