پۆلیسی هەولێر دەستی بەسەر 27 دەمانچەدا گرت
لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەوبارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای پێدانی زانیاری لە لایەن چەند كەسێكەوە، كەوا چەند دەمانچەیەك كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت، هێزەكانیان توانیویانە دەست بەسەر 27 دەمانچەدا بگرن و تۆمەتبارێكیش بە تۆمەتی بازرگانیكردن بەو دەمانچانەوە دەستگیر بكەن.
بە وتەی لیوا عەبدولخالق، پۆلیسی ناوشار - بەشی ڕۆژهەڵات، بە هاوئاهەنگیی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین و بنكەی پۆلیسی ئیسكان، دەستیان بەسەر ئەو دەمانچانەدا گرتووە و، ئەو تۆمەتبارەش كە دەستگیر كراوە، شوفێری تەكسییە بە ناوی (ش.ك.ع) و تەمەنی (۳۸) ساڵە.
لیوا عەبدولخالق دەشڵێ: 3 لەو دەمانچانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ پشكینین و لێكۆڵینەوە، لای پۆلیسی بەڵگە و تاوانن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی كردەوە، دۆسیە بۆ ئەم مەبەستە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن.
kdp-
