"ئەو بڕیارانەی لە کەرکووک دەدرێن ھاوشێوەی بڕیارەکانی داعشن"
سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ھۆشیار مالۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری قەدەغەکردنی ھەندێک جۆری جلوبەرگ لە کەرکووک لە لایەن ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگاوە مایەی پێکەنینە، چونکە خەڵک دەنگیان بە ئەو کەسانە داوە لەسەر بەرنامەی ھەڵبژاردن، نەک بێن ھەندێک جۆری جلوبەرگ قەدەغە بکەن و ئازادیی خەڵک بەرتەسک بکەنەوە، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت بڕیاری لەوانە خراپتر دەدەن."
ھۆشیار مالۆ گوتیشی: "بەداخەوە ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتدارن، بەردەوام باسی ئازادی دەکەن، بەڵام ئێستا ڕێک پێچەوانەی ئازادی کار دەکەن و پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە ئەمانە ھاتوون ئازادی بەرتەسک بکەنەوە، نەک ئازادی بۆ خەڵک فەراھەم بکەن و ئەوەی دەیکەن پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و لەجیاتی خزمەتکردنی خەڵک بڕیاری سەیروسەمەرە دەردەکەن."
مالۆ باسی لەوەش کرد: "تاوەکو کورد لەوێ دەسەڵاتدار بوو ڕێگرییان دەکرد لەو جۆرە کارانە، بەڵام ئێستا ئەوان نەماون، ئەمانە بە ئارەزووی خۆیان ڕەفتار دەکەن، چونکە ئێستا ئەوان دەسەڵاتدارن."
مالۆ ڕایشیگەیاند: "ھیچ یاسایەک شەرعیەتی نییە ئەگەر دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت. ئەوەی ئێستا لە کەرکووک دەکرێت، ڕێک وەکو ڕەفتارەکانی داعشە، چونکە داعشیش ھەمان ئەو ڕەفتارانەی دەکرد، بۆیە ئەو کارانەی ئێستا لە کەرکووک دەکرێن، جیاوازییان لەگەڵ کارەکانی داعش نییە."
kdp-
