شێخ جەعفەر مستەفا: داعش لە ناوچە کوردستانییەکان خۆی ڕێک خستووەتەوە
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی ڕايگەیاند: "هەرچەندە داعش ئەو شارانەی داگیری کردبوو لەدەست دا، بەڵام وەک هێز لەسەر زەوی هەبوون و خۆیان ڕێک خستووەتەوە و لە هەموو سنوورەکانی خانەقین، مەندەلی تا دەگاتە سووریا خۆی ڕێک خستووە و هێزەکانیشی زیادی کردووە".
ئەو بەرپرسەی هێزی پێشمەرگە ئاشکراشی کرد: "داعش بارەگای جێگیری لە چیای حەمرین، قەرەچوخ، لای ڕۆژهەڵاتی خورماتوو و ئەو جێیانەی ئێمە پێی بزانین هەیە، تێیدا جۆرەها بەرنامە و عەمەلیات دەکەن، لەبەر ئەوەی هێزەکەی زۆرە و لەبەرچاوە ڕەنگە بتوانن هەندێ لە شارەکان کۆنترۆڵ بکەنەوە".
ڕوونیشی کردەوە: "ڕۆژانە داعش چەندین ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکانی جەلەولا، سەعدییە، قەرەتەپە، خورماتوو، داقووق، حەویجە و خوارووی کەرکووک، لەسەر شەقامی "ئاڵتونکۆپری" کە هەرگیز دەستی داعشی پێ نەگەشتبوو، عەمەلیاتیان کرد".
فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگە هۆکارەکە بۆ بێتوانایی هێزە عێراقییەکان دەگەڕێنێتەوە، کە توانای ئەوەیان نییە ئەو بۆشاییە ئەمنییەی هەیە پڕی بکەنەوە، یان بەو جێیەوە پەیوەست نین تا هێزی تێدا دابنێن و بەتەواوی کۆنترۆڵی بکەن و داعش لەناو ببەن".
شێخ جەعفەر مستەفا گوتیشی: "پێشمەرگە دەستی تیرۆر و داعشی لە کەرکووک و شوێنەکانی دیکە بڕیبوو، بەڵام دەرکەوت دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزە عێراقییەکان نەیانتوانی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە پێشمەرگە پڕی کردبووەوە پڕی بکەنەوە، عێراقییەکان هێزەکانیان دێنێتە بەرامبەر پێشمەرگە، یان ناو جەرگەی ئەو شارانەی کێشەیان نییە، ناچن لە شوێنێکی دابنێن کە داعشی تێدایە".
ئەو فەرماندەی هێزی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە پێشنیاری بە ئەمریکا و هاوپەیمانان داوە، لەگەڵ عێراق پێکەوە دانیشن و ئەمنییەتی شارەکان بسپێرن بە پۆلیس و ئاسایش، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان ژووری ئۆپەراسیۆن و هێزی هاوبەش دروست بکەن، لە دەرەوەی شارەکان و ئەو شوێنانەی جێ پێی داعشی لێیە جێگیر بکرێن تا داعش لەناو ببەن، ئەگەر بەو شێوەیە نەبێ، ئەوا ناتوانرێ بە هیچ شێوەیەک داعش لەناو ببرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبن".
باسنيوز
