سەرۆک بارزانی: وەکیل مستەفایۆڤ بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە

سەرۆک بارزانی: وەکیل مستەفایۆڤ بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە
سەرۆک بارزانی رایدەگەیەنێت، کە مستەفایۆڤی سەرکردەی باڵای کورد لە قەفقاس، بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 12-5-2019، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو وەكیل مستەفایۆڤ، سیاسەتمەدار و سەركردەی كوردانی قەفقاس، كردووە.

لە دیدارێکدا، سەرۆک بارزانی وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری وەکیل مستەفایۆڤ، رایگەیاندووە، مستەفایۆڤ ”تێکۆشەرێکی گەورەی کوردە و بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە“.

سەرۆک بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە هەرێمی کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە و بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و هەر بە خوێنی شەهیدانیش دەپارێزرێت.

لە دیدارەکەدا، خانەوادە و کەسوکاری ئەو سەرکردەیەی کوردی قەفقاس سوپاسی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ بایەخدان بە تەرمی خوالێخۆشبوو و بەخاك سپاردنی تەرمەکی لە هەرێمی کوردستان.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، خانەوادەی مستەفایۆڤ سەرۆک بارزانی و هەرێمی كوردستانیان بە جێگەی ئومێد بۆ هەموو كوردانی جیهان وەسف كردووە.

وەکیل مستەفایۆڤ لە رۆژی 19-4-2019 لە ئیتاڵیا کۆچی دوایی کرد و رۆژی 10-5-2019 بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حکوومی، لەسەر وەسیەتی خۆی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەخاک سپێردرا.









باسنيوز
Top