لێدوانی پۆلیسی هەولێر لەبارەی قەدەغەکردنی پانتۆڵی کورتی پیاوانەوە

لێدوانی پۆلیسی هەولێر لەبارەی قەدەغەکردنی پانتۆڵی کورتی پیاوانەوە
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لەبارەی بڕیارەکەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک بۆ قەدەغەکردنی پانتۆڵی کورتی پیاوان، ڕوونکردنەوە دەدات.

پاش ئەوەی لە دوو ڕۆژی رابردوودا هێزەکانی کەرکووک دەستیان بە جێبەجێکردنی بڕیارێک لەبارەی قەدەغەکردنی پانتۆڵی کورتی پیاوان کرد و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک گەنجیان دەستگیر کرد. لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕايگەیاند: ”ھیچ دەق و بەڵگەیەکی یاسایی نییە بۆ بابەتی قەدەغەکردنی جلی سێ چارەک و بابەتی جل لەبەرکردن، ھاووڵاتیی ئازادە چی دەپۆشێت، ئەو بڕیارەی پۆلیسی کەرکووکیش مەزەندە دەکرێ لەلایەن پارێزگاری شارەکە یان کەسانی دیکەوە پێیان گوترابێت و بەوھۆیەوە بڕیارەکەیان دەکردبێت“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ھەولێر خەڵکی ئازادن چی دەپۆشن. گوتیشی: ”بابەتێک هەیە، خەڵکی ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و عەرەب، بە شێوەیەکی ئاسایی پانتۆڵی سێچارەگ و بیجامە و نەعل لەپێ دەکەن، ئەوەش بووە بە دابونەریت. لە ناو ھەولێریش خەڵکێک هەیە ئەو جلوبەرگانە دەپۆشێت، بەڵام زۆرتر گەشتیاران دەبینین لە دەرەوە بەم شێوەیە، هیچ کێشەیەکیشیان نییە“.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دووپاتی کردەوە کە ئەو کارەی پۆلیس و هێزەکانی کەرکووک لە ڕووی یاساییەوە هیچ پاساوێکی نییە و خەڵکی لە چوارچێوەی مافەکانی خۆیاندا ئازادن چ جلوبەرگێک دەپۆشن.











باسنيوز
Top