داعش شەوانە سەرانە لە هاووڵاتییانی مەخموور وەردەگرێت
رێبوار ساڵح، بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی حزبی شیوعیی کوردستان لە مەخموور، رایگەیاند، چەکدرانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ کردووە و بنکەی سەرەکییان لە چیای قەرەچووغە.
رێبوار ساڵح هەروەها رایگەیاند، کە لە گوندی عەلیاوە و ناوچەکانی قەراج و کەندیناوە چەکدارانی داعش بە شەو سەرانە لە خەڵکی وەردەگرن و داواشی لە خەڵکەکە کردووە، زەکات و سەفیترەکانیان بدەنە داعش.
هەروەک ئەو بەرپرسەی حزبی شیوعی رایگەیاند، لە ئەگەری رازی نەبوونی خەڵکی ناوچەکە بە دانی زەکاتەکانیان و سەرانە بە داعش، چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە هەڕەشەی سووتاندنی دەغڵودان و دەڕاسەی خەڵکیان کردووە.
رێبوار ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، کە هاووڵاتییان گیریان خواردووە، چونکە ئەگەر سەرانە بدەنە داعش، سوپای عێراق بە ماددەی تیرۆر دەستگیریان دەکات، لەکاتێکدا ئەو سوپای هاووڵاتییەکان ناپارێزێت و ئەگەریش سەرانە نەدەن، ئەوا داعش بەرهەمەکانیان دەسووتێنێت.
باسنیوز
