لیوا سالار: سەرۆك بارزانی لەسەر یەكخستنی هێزی پێشمەرگە مكوڕە

لیوا سالار: سەرۆك بارزانی لەسەر یەكخستنی هێزی پێشمەرگە مكوڕە
سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، كاری بەردەوام بۆ یەكخستنی ھێزی پێشمەرگە دەكرێت و سەرۆك بارزانییش یەكەم كەس بووە ئەو داواكاری و پێشنیازەی كردووە، ئێستاش مكوڕە لەسەر ئەوەی ھێزی پێشمەرگە ھەمووی یەك بگرێتەوە و ببێتە ھێزێكی نیشتیمانی.

لیوا سالار جەباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ھاوپەیمانان بەردەوام ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگە دەكەن لە مەشق و راھێنان و دابینكردنی پێداویستیی سەربازی، هەروەها لە چاكسازییەكانیشدا ھەموو ھاوكارییەك پێشكەش دەكەن و پڕۆسەی چاكسازییش بەردەوامە و بەشێكی خاڵەكانیشی جێبەجێ كراون.

جەباری گوتیشی، بە فەرمانی سەرۆك بارزانی، كاركردن بۆ یەكخستنی ھێزی ٧٠ و ٨٠ بەردەوامی ھەیە و سەرۆك بارزانی مكوڕە لەسەر ئەوەی ئەو ھێزانە یەك بگرنەوە، چونكە بیرۆكەی یەكگرتنەوەی ئەو ھێزانە ھی سەرۆك بارزانی بووە و یەكەم كەسیش بووە ئەو داوایەی كردووە.

سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها باسی لەوەش كرد، كاری بەردەوام بۆ یەكخستنی ھێزی پێشمەرگە دەكرێت و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانییش ھێزی پێشمەرگە دەبێتە ھێزێكی یەكگرتووی نیشتیمانی.

kdp-
Top