لە ٢٠١٣ـوە ھەزار مزگەوت لەلایەن خێرخوازانەوە دروست كراون

	 لە ٢٠١٣ـوە ھەزار مزگەوت لەلایەن خێرخوازانەوە دروست كراون
دوای دەستپێكردنی قەیرانی دارایی و نەمانی بودجە، پڕۆسەی دروستكردنی مزگەوت لەلایەن خێرخوازانەوە بەردەوامی ھەبووە و بە گوتەی بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە ساڵی ٢٠١٣ بە دواوە ھەزار مزگەوت دروست كراون.

مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دوای ساڵی ٢٠١٣ـوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دروستكردنی مزگەوتی راگرتووە و لەلایەن كەسانی خێرخوازەوە مزگەوت دروست دەكرێن، بەڵام بۆ دروستكردنی ھەر مزگەوتێك وەزارەتی ئەوقاف رێوشوێنی خۆی ھەیە و كۆمەڵێك مەرج دانراون، ھەر كەسێكیش لەنێو شارەكان و گوندەكانیش بیەوێ مزگەوت دروست بكات، بەپێی مەرجەكانی حكوومەت دەبێت".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: "بۆ دروستكردنی ھەر مزگەوتێك، نابێت رووبەرەكەی لە دوو ھەزار مەتر كەمتر بێت و مزگەوتی دیكە لەو نزیكە نەبێت، ھەروەھا ئەو كەسەی دەیەوێ مزگەوت دروست بكات، بەڵێننامەیەك پڕ بكاتەوە تا ھەموو مزگەوتەكە بە تەواوی كۆتایی دێت، چونكە نابێ ئەو كەسەی دەست بە دروستكردنی مزگەوت دەكات، دواتر پەنا بۆ كەسانی دیكە و خێرخوازان ببات".

نەقشبەندی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە دوای ساڵی ٢٠١٣ـوە، ھەزار مزگەوت لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان دروست كراون، پڕۆسەی دروستكردنی مزگەوتیش بەردەوامە و لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان خاوەنی پێنج ھەزار و ٥٠٠ مزگەوتە".

kdp-
Top