گەرمیان.. دەیان پارچە مین و تەقەمەنیی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران لەناو بران

گەرمیان.. دەیان پارچە مین و تەقەمەنیی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران لەناو بران
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، دەیان پارچە مین و تەقەمەنیی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لەناو بران.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئیدارەی گەرمیان كە وێنەیەكییش تێیدا هاتووە، تیمە پسپۆڕەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مین/ گەرمیان، توانیان دەیان پارچە مین و تەقەمەنی لە سنووری گەرمیان بدۆزنەوە و لەناویان ببەن.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كراوە، ئەو تەقەمەنیانە بریتی بوون لە چەندین مینی دژە كەسی و ڤاڵمارا كە لە یەكێك لە گێڵگە مینەكانی سنووری گوندی (عەلی میر) لە شارەدێی "قۆرەتوو"ی سەر بە گەرمیان دۆزرابووەوە، هەروەها 47 پارچە تەقەمەنیی جۆراوجۆر لە ناوچە جیاجیاكانی گەرمیان كۆ كرانەوە و زۆرینەی ئەو مین و تەقەمنییانە بەجێماوی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بوون و لە ناوچەكە سنوورییەكان دۆزرانەوە و لەناو براون".

شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی 1980 دەستی پێكرد و لە ساڵی 1988 كۆتایی هات كە لەو شەڕەدا هەزاران كەس لە هەردوو لا كوژران و شەڕەكەش جیا لە ناوچەكانی هەردوو وڵات لەنێو خاكی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەرپا كرا و سەدان مین لەدیوی هەردوو لا دانران كە ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەڵك بەهۆی ئەو مینانەوە گیان لەدەست دەدەن، یاخود ئەندامێكی جەستەیان لەدەست داوە.











باسنيوز
Top