عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی: بەڵێن بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیان وەرگیراوە
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەوڵەكان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان، لە ڕێگای لیژنەی پەرلەمانەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵا كۆبوونەوەمان ساز كردووە و بەڵێنیان پێ داوین بەپێی ڕێنمایی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، دەرماڵەی قوتابیان جێگیر بكرێـت و بۆیان بگەڕێندرێتەوە".
دۆڵەمەڕی گوتیشی: "فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان بە هەموو توانایەكەوە پشگیری لە گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیان دەكات، پڕۆژەیاسایەكیشمان سەبارەت بە شێوازی پێدانی دەرماڵە بە قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگان ئامادە كردووە، كە هاوشێوەی سیستمی وڵاتی دانیماڕك دەبێــت".
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد: "سیستمەكە لە شێوەی بیمەی قوتابیان دەبێت، كە هەر قوتابیەك مووچەی تایبەتی بۆ دیاری دەكرێت و بەپێی پێویست دەتوانێت لە بانك داوای بكات، كە 1% زیادەی دێتە سەر بۆ بانك، دوای تەواوبوونی خوێندنیش، دوو ساڵ مۆڵەت بە قوتابی دەدرێت بۆ ئەوەی پارەكە بگەڕێنێتەوە، گەر هەلی كاریشیان نەبوو، ئەوا بە گوێرەی پسپۆڕی لە سەندیكاكان شوێنیان بۆ دەكرێتەوە تاكو كارێك دەدۆزنەوە، بەم جۆرە قوتابیان سوودمەندی سەرەكی دەبن لەو پڕۆژەیەدا و گرفتی دارایی قوتابیان چارەسەر دەبێـت".
ناوبراو دەشڵێت، پڕۆژەیاساكە دەكەوێتە وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانەوە، كە 1-9 بۆ 1-10 دەبێـت.
KDP-
