مەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای ئەمریکا کۆ بوونەوە

مەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای ئەمریکا کۆ بوونەوە
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی باڵای حکوومەتی ئەمریکا کۆبووەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-5-2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە داڤید ساتەرفیڵد هەڵسوڕێنەری کارەکانی یاریدەدەری وەزیر و بەرپرسی نوسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە و شاندی یاوەری کرد و تێیدا چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

لە دیدارەکەدا، کە جۆی هود هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و جەنەڕاڵ پۆڵ لاکامیرا فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و ستیڤن فاگن کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و ژمارەیەک راوێژکار و بەرپرس ئامادەبوون، پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەمریکا تاوتوێ کرا.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وێڕای تیشکخستنە سەر رۆڵی کارای هەرێمی کوردستان لە شەڕی تیرۆریستان و سەقامگیری عێراق و راگرتنی پەیوەندی هاوسەنگ لە ناوچەکە، هاوکات ئاماژەی بە هۆکاری کێشە و ناسەقامگیری ناوچەکە بە گشتی دا و جەختی لە بایەخی دیالۆگ و گفتوگۆی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان کردەوە.

هەر لەو دیدارەدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر تاوتوێکرا و روون کرایەوە، کە گفتوگۆکان بۆ کۆی کێشەکان لەنێوان هەردوولا بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی چارەسەری دروست بەردەوامن و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە.

لەلای خۆیەوە بەرپرسی نوسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە، کە لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ کێشە و پرسەکان یارمەتیدەر دەبێت لە بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاشتەوایی لە عێراق و ناوچەکە و رایگەیاند، وڵاتەکەی لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.









باسنيوز
Top