كلارا عودیشو: وەزارەتێك بۆ كریستیانەكان دیاری كراوە
كلارا عودیشو، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێش ئەوەی شاندێ پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان بگاتە رێككەوتن، سەردانی ھێز و لایەنەكانی كریستیانی كردووە و لەو بارەیەوە وتووێژی بەسوود بەڕێوە چوونە، ھەروەك پێشتر بەڵێن بە پێكھاتەی كریستیان دراوە ژمارەیەك پۆست لە كابینەی نوێدا بۆ پێكھاتەی كریستیان دەبن".
ئەو نوێنەرەی كریستیان روونی كردەوە: "بەپێی زانیاریی من، ئەوەی تا ئێستا یەكلا بووەتەوە بۆ ئێمە، وەزارەتێكی خزمەتگوزاری بۆ كریستیانەكانە و بێگومان پۆستی دیكەش ھەن لەنێو حكوومەتدا وەك راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی، كە لەوانەش حەقە بەشی ئێمە بدرێت وەك پێكھاتەی دووەم لە كوردستان".
لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان لە نێوان پارتی و كریستیانەكان، كلارا عودیشو گوتی: "ئێمە گەیشتووینەتە كۆتایی شتێكی ئەوتۆمان نەماوە، لاشمان گرینگ نییە چەند وەزیر و پلە و پۆست بەر كریستیانەكان دەكەون، چونكە بۆ ئێمە ئەوە گرینگە كابینەی حكوومەت لە چوار ساڵی داھاتوودا گەرەنتیی پاراستنی ئەمنییەتی ئێمە بكات و پێكەوەژیان گەشە بكات، ئەگەرنا كێشە لە پۆست و پلەدا نییە، ئێمە خۆمان بە بەشێكی گرینگی ھەرێمی كوردستان دەزانین و دابینكردنی مافەكانمان پەیوەستە بە پرسی پێكەوەژیانەوە".
kdp-
