"سەردانی نھێنیی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق لەبارەی چەند پرسێکەوە بوو"
سەردانی شەوی ڕابردووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق، یەکەم سەردانی نھێنیی کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نییە و پێشتریش ئەمە ڕووی داوە. لەوبارەیەوە دانا جەزا، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئێمە وەک پەرلەمان پێشتر زانیاریمان نەبوو دەربارەی ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و، تا نەگەڕایەوە، نەمانزانی سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆ بووەتەوە."
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھیچ حاڵەتێکی لەناکاو لە عێراق نەبووە و ھاووڵاتییانی عێراقی دڵنیا دەکەینەوە شتێک لە عێراق ڕووی نەداوە پێویستی بە سەردانی بەپەلەی ئەمەریکا ھەبێت."
دانا جەزا ڕوونی کردەوە: "ھەندێ ڕووداوی ناوچەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان بە عێراقەوە ھەیە و ئەمە ناشاردرێتەوە، لەوانەش پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمەریکا، ھەروەھا ڕەوشی ئاڵۆزی سووریا و پرسی سنوور، ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر ڕەوشی عێراق، چەند پرسێکی دیکەش لە ڕۆژەڤدا هەن، وەک شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و ھەناردەکردنی نەوتی عێراق، کە ئەمانە پرسی گەرمی عێراقن و سەردانی پۆمپیۆش ھەر لەو چوارچێوەیەدا بووە."
kdp-
