هێڤیدار ئەحمەد: ھەر لایەنێک کاندیدەکەی یەکلا نەکاتەوە شوێنی بە بەتاڵی دەمێنێتەوە

هێڤیدار ئەحمەد: ھەر لایەنێک کاندیدەکەی یەکلا نەکاتەوە شوێنی بە بەتاڵی دەمێنێتەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێویستە لایەنەکان بە زوویی ناوی کاندیدەکانیان بۆ ئەو پۆستانەی بەریان کەوتووە، یەکلا بکەنەوە.

ھیڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: "قۆناغە سەختەکەی پێکھێنانی حکوومەت کە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمە لە کوردستان تەواو بووە، ئێستا ڕێکارە یاساییەکان ماوە کە کێ دێتە مەیدان و کێ خۆی بۆ ئەو پۆستە ھەڵدەبژێرێت، ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی نیچیرڤان بارزانی کاندیدمانە و پشتیوانیی لێ دەکەین".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ڕوونی کردەوە: "یەکشەممەی داھاتوو دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی داھاتوودا ڕێکارە یاساییەکان تەواو دەبن، ڕەنگە تا دوو ھەفتەی دیکە سەرۆکی نوێ بۆ ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێرێت".

ھاوکات لەبارەی یەکلاکردنەوەی کاندیدی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەو پشکانەی لە کابینەی نوێ ھەیانە، ھیڤیدار ئەحمەد گوتی: ”دەبێ لەمڕۆوە لایەنەکان مشووری خۆیان بخۆن و ناوی کاندیدەکانی خۆیان یەکلا بکەنەوە، چونکە کاتێک مەسروور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت، سەردانی لایەنەکان دەکات و دەبێ ناوەکانیان پێشکەش بکەن، پێکھێنانی حکوومەتیش باوەڕ ناکەین مانگێک بخایەنێت".

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە کە کات بۆ لایەنەکان کراوە نییە و ماوەکە تەنیا ٣٠ ڕۆژە و دەبێ ناوەکانیان پێشکەش بکەن، ئەگەر نا ھەر لایەنێک ناوی خۆی پێشکەش نەکات، ”حکوومەتەکە ڕادەگەیەندرێت و شوێنەکانی ئەوان بە بەتاڵی جێ دەھێڵدرێت".










باسنيوز
Top