وردەکاری لەبارەی ڕووداوی هاتوچۆکەی هەولێر کە سێ کەسی تێدا بووە قوربانی
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕايگەیاند: ”ئەو کەسەی کە ئۆتۆمبێلەکەی پێ بووە ناوی (هەمزە محەمەد عەزیزە) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٩یە و ئێستا بە پێی مادەی ٢٤ی هاتوچۆ دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە“.
لەبارەی دەنگۆی هەوڵدان بۆ ئازادکردنی شۆفێرەکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەلێر گوتیشی: ”گوێ بەو کەسانە نادەین و کەیفی خۆیانە، چونکە سێ کەسی کوشتووە و دەیەوێ چی بکات و بەنیازی چییە؟، هیچ هەوڵی ناوێت، تا ئێستاش هیچ هەوڵێک نییە و دەربازیشی نابێت“.
هاوکات جەختیشی کردەوە، ”ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تۆکسۆنە و دەستی بەسەرداگیراوە و لێپێچینەوەی پێویست لەوبارەیەوە دەکرێت“.
لەلای خۆیەوە موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕايگەیاند: ”ڕووداوەکە بەهۆی تیژڕەوییەوە بووە و شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەست داوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە دەدرێتە بنکەی پۆلیسی سەروەران، چونکە ڕووداوەکە سەر بەوشوێنەیە“.
باسنيوز
