فازڵ میرانی: کورت و کرمانجی بڵێم ھیچ دەسەڵاتێکی پێش وەختە و ھیچ ناونیشانێک بۆ ھیچ کام لە جێگرەکانی سەرۆکی ھەرێم دیاری نەکراوە
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "کورت و کرمانجی بڵێم ھیچ دەسەڵاتێکی پێش وەختە و ھیچ ناونیشانێک بۆ ھیچ کام لە جێگرەکانی سەرۆکی ھەرێم دیاری نەکراوە و "ئەسڵەن" سەرۆکی ھەرێم فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان دەبێت، کەواتە نە جێگرەکانی، نە وەزیری پێشمەرگە لە پێش ئەودا نایەت و ھەموو دەسەڵاتەکانی ھێزە چەکدارەکان لای سەرۆکی ھەرێم دەبێت".
فازڵ میرانی لە درێژەی باسەکەدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە ڕێککەوتنەکانمان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و بەپێی پڕۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، بە ڕوونی دەسەڵاتەکانی جێگرەکانی دیاری نەکراوە و ھیچ کامیان یەکەم و دووەم نین، ھەردووکیان جێگری سەرۆکی ھەرێمن، پاش متمانە دان بە سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمان، لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە جێگرەکانی دیاری دەکرێت و ھەر سەرۆکی ھەرێم خۆی ئیشی دوو جێگرەکەی دیاری دەکات".
فاڵ میرانی لەبارەی پۆستی وەزیری پێشمەرگەوە گوتی: “وەزیری پێشمەرگە ھی یەکێتی بێت، جێگری سەرۆکی ھەرێمیش دووبارە بنووسرێت بۆ کاروباری سەربازی، ئەوە لایەنێکی نێگەتیڤی تێدایە بۆ برادەرانی یەکێتی کە وەکوو حیزبێکی "عەسکەرتاری" پیشان نەدرێن، بگوترێت ئەمە ھەر چاویان لە پێشمەرگایەتییە، ئەی باشە وەزیری پێشمەرگە کاری چی دەبێت کە جێگری سەرۆکی ھەرێمیش ھەمان کاربێت؟"
لەبارەی دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێم و دەستنیشانکردنی ئەرک و کار بۆ جێگرەکانی، فازڵ میرانی ڕوونی کردووەتەوە، “برادەرانی یەکێتی و کاک کۆسرەت خەباتکاری کۆنن، دەزانن کە ناکرێت ئێمە ئەو ھەموو ڕێککەوتنە سیاسییەمان کردووە لەسەر پۆستە ئەساسییەکان ڕێک کەوتوین، بێنین بەو بابەتە ڕای بگرین، ئەوە چەند مانگە خەڵکی ئێمە چاوەڕوانە، بۆ پارتی و یەکێتی جوان نییە لەسەر یەک خاڵ کە لۆژیک و یاسا ڕۆڵی تێدا دەبینن، نەک خواستی حیزبی، بەڵکوو بەرژەوەندیی میللەتەکەمانی تێدایە کە ئێمە چیتر لەسەر ئەم خاڵە ئەو پڕۆسەیە پەک نەخەینەوە، لەبەر ئەوە ڕازی بوون”.
دووپاتیشی کردووەتەوە کە جێگرەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری یەکەم و دووەم نابن و هیچ کامیشیان پێشوەختە دەسەڵاتیان بۆ دیاری نەکراوە.
باسنيوز
