"لە کابینەی داهاتوودا پێشمەرگە بە تەواوی یهكدهگرێتهوه"
پێشتریش بریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریکا پرۆژەیەکیان بۆ چاکسازی لە هێزەکانی پیشمەرگەدا خستبووەڕوو، سەرکونسوڵی گشتی بریتانیاش داوا دەکات زوو کابینەی نوێ پێکبێت و بە کابینەی هەلە ناوازەکان ناوی دەبات تا پێشمەرگە یەکبخاتەوە.
یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان پرسی یەکخستنەوە و بە نیشتیمانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، ئەو پرسەی کە نیوەی وەڵامەکەی لای یەکێتییە و تا لەکاتی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیشدا بەهیچ شێوەیەک باسنەکرا، ئێستا کە هێزە هاوپەیمانەکان پرۆگرامێکیان بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنی پێشمەرگە هەیە سەرکردەیەکی یەکێتی باس لەوە دەکات کە پرۆگرامەکە لە کابینەی داهاتوودا جێبەجێکردنی تەواو دەبێت و بە ئەنجام دەگات.
بریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریکا پێکەوە سەرپەرشتی پرۆگرامی چاکسازی پێشمەرگە دەکەن، وەک سەرکونسوڵی گشتی بریتانیاش گوتی ئەنجامدانی چاکسازی پێویستی بە خێرا پێکهێنانی حکوومەتە
سهرکونسوڵی گشتی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان دهڵێت: "پێویستە حکوومەت بە زوویی پێکبێت، حكومەت واتە حوکمڕانی و خزمەتکردن، نابێ لەمە زیاتر کات بە فیڕۆبدرێت، ئێمە وەک بریتانیا تەنها ئەوەمان پێدەکرێت ئامۆژگاری لایەنە کوردستانییەکان بکەین بۆ ئەوەی ئەم پرسە خێرا تەواو بکرێت، ئەم کابینەیە هەلی ناوازەی تیادا دەبێت و فرسەتی گرینگ دەخاتە بەردەم گەلی کوردستانەوە تاکو چاکسازی لە حکوومەت و لە پێشمەرگەش بە ئەنجامبگات".
ههروهها گووتی: "ئێمە پاڵپشتی بەڕێوبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین و لە حکوومەتی داهاتووش بە ئامانجی یەکخستنەوە و ریفۆرم لە هەموو بوارەکاندا بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیمان بۆ ئەو پرۆگرامە ، لەم پرسەشدا کابینەی داهاتوو ئەرکیەتی کارەکان خێراتر بەڕێوەببات".
پێدەچێت هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژ لەبەردەم یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا بێت چونکە پرۆژەکەی هاوپەیمانان بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کە لە 35 هەنگاو پێکدێت تائێستا تەنها 13 هەنگاوی جێبەجێکراوە..
k24 -
