كەركووك.. لە ھەفتەیەكدا داعش چوار جار ھێرشی كردووەتە سەر ھێزە عێراقییەكان
سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار لە شاری كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "درەنگانی شەوی ڕابردوو لە سریەی چواری فەوجی دووی لیوای مغاویری، لە گوندی تەلوەرد شەڕ و پێكدادان لەگەڵ داعش رووی داوە، كە داعش ھێرشی كردووەتە سەریان و شوێنەكەش لە گوندی كەلهوڕ و ناحیەی پردێ نزیكە، لە ئاكامیشدا سێ پۆلیس كوژراون بە ناوەكانی نزار موسلیم و مەكی كامل و نازم ساڵح و دوو برینداریش ھەبوون بە ناوەكانی ملازمی یەك محەمەد حاتەم و مەحموود عەواشە، كە ئێستا ھەردوو بریندارەكە لە نەخۆشخانەی كەركووكن".
سەرچاوەكە گوتیشی، دوای شەڕەكە، داعش بێ زیان بەرەو شوێنێكی نادیار ھەڵاتوون و تەنھا لە ماوەی ھەفتەیەكیشدا ئەمە چوارەم ھێرشە داعش بیكاتە سەر ھێزە عێراقییەكان، بەڵام ئەمجارە جیاوازە، چونكە زۆر نزیك بووە لە ناوشاری كەركووك، كە تەنھا ١٥خولەك دوورە، بۆیە دۆخی ئەمنیی كەركووك زۆر خراپە و هاووڵاتیانی كورد تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بوونە.
kdp -
