فەرید ئەسەسەرد: یەکێتی لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی پەشیمان نابێتەوە
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "بەمزوانە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆ دەبێتەوە و کانیدیدەکانمان بۆ پۆست و وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکلا دەکەینەوە، بەڵام یەکێتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی کە بۆی دیاری کراون، لەڕێگەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێژنەیەکەوە کاندیدەکان بۆ پۆستەکان دیاری دەکات".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زیاتر لە کەسێک خۆی بۆ پۆستێکی دیاریکراو کاندید کردووە، ھەروەھا لەنێو کاندیدەکاندا ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیش ھەن کە داوای پۆستیان کردووە و خۆیان بۆ پۆستەکان کاندید کردووە، بەڵام ”ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو لێژنەیەی کە پێکمان ھێناوە، پۆستەکان یەکلایی دەکاتەوە".
لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرید ئەسەسەرد ڕایگەیاند: "یەکێتی لەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ پارتی کردوویەتی، پەشیمان نابێتەوە، چونکە زیاتر لە دوو مانگە ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ پارتی کردووە و بە دڵنیاییەوە ھەمووشی جێبەجێ دەکەین".
باسیشی لەوە کرد، ھەوڵی ئەوە دەدەن زوو کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بھێنرێت، ”ئەگەر پێویستیش بکات، کۆبوونەوەی سێقۆڵی ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی بە زوویی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بھێنین و خزمەتی خەڵکی بکەین".
باسنیوز
