ڕێزان شێخ دلێر: داواکارین باڵانسی پشکی ژنان لە کابینەی نوێدا ڕابگیرێت

ڕێزان شێخ دلێر: داواکارین باڵانسی پشکی ژنان لە کابینەی نوێدا ڕابگیرێت
ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنیت، ڕەوا نییە لەناو ئەو هەموو ژنە بەتوانایەدا دوو ژن بۆ وەزارەتەکان دیاری نەکرێن و داواکارین باڵانسی جێندەری ڕابگیرێت.

ڕێزانی شێخ دلێر، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "زۆر گرنگە ئافرەت لە کابینەی نۆێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، یەک داوامان هەیە و ئەویش لە کابینەی نوێدا باڵانسی جێندەری ڕابگرێ و ڕێژەی ژنان لە٣٠٪ کەمتر نەبێت، چونکە لەناو پەرلەماندا ٣٠٪ جێگیر کراوە، کە دەسەڵاتی یاسادانانە و پێویستە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشدا ئەو ڕێژەیە جێگیر بکرێت".

ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات: "لەناو یەکێتیدا سەدان ژن سیڤییان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر و وەزارەتەکان پێشکەش کردووە، لە ناویاندا (ئەمەل جەلال و سەروین کاکە حەمە) هەیە، بەپێی پەیڕەو پرۆگرامی یەکێتی کە نۆ ساڵ پێش ئێستا دانراوە، ٢٠٪ی پێگەکان بۆ ئافرەت دانراون، ئەگەر ئێستا ئەم حزبە نەتوانێت ٣٠٪ی ئەو پێگانەی هەیەتی بۆ ژن بێ، کەواتە پیاوسالاری کاریگەری زۆری لەسەر هەبووە، ڕەوا نییە لەناو ئەم هەموو ژنە نەتوانین دوو ژن بۆ وەزارەتەکان دیاری بکەین".

هاوکات لەبارەی خۆیەوە ڕێزانی شێخ دلێر ئاشکرای کرد: "سیڤیم بۆ وەرگرتنی پۆست پێشکەش نەکردووە و ڕوونیشی کردەوە کە لەناو پێگە سەرەکییەکاندا کە خزمەتی تێدا دەکرێت وەک وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و کۆمیسیۆنەکان تەنیا پیاوان کەسی یەکەمن، لە کاتێکدا ژن لەناو حزبە سیاسییەکاندا هەوڵی زۆر دەدات، بەڵام لە پێگە سەرەکییەکاندا کەسی یەکەم نین".









باسنیوز
Top