"خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ئاوارە دەبنەوە"

سەرکردەیەکی (ئەنەکەسە) دەڵێ، سەربازیی بەزۆر و نەبوونی خزمەتگوزاری بوونەتە ھۆکاری ئەوەی ھاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان نەچار بکرێن ناوچەکانیان بەجێ بێڵن و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، تاکە چارەسەریش بۆ دەربازبوون لەو ڕەوشەی ئێستا دروستکردنی ناوچەی ئارامە لە سووریا.

نەواف حەسەن، سەرکردە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵۆزترە لە پێشوو، چونکە خەڵک لەژێر فشارێکی زۆری دەسەڵاتدارانی پەیەدەدان و بەھۆی دەرکردنی بڕیاری ھەڵەوە ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن، خەڵکی ئێمە بەداخەوە ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن و خاکی باب و باپیرانیان بەجێ دێڵن، ئەوەش لە ترسی پڕۆسەی سەربازیی بەزۆر."

دەشڵێت: "ھۆکار زۆرن بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بە ناچاری ئاوارە ببن، جگە لە سەربازیکردنی بەزۆر، پێداویستیی ڕۆژانەی ژیان زۆر بەزەحمەت وەدەست خەڵک دەکەوێت و ڕەوشێکی ئاڵۆز ڕووی تێ کردوون، چەندین ساڵە بەھۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە میللەتی ئێمە ئازار دەکێشێ."

نەواف حەسەن ڕوونی کردەوە: "ئێمە دەخوازین و خەڵکش چاوەڕێی ئەوەن کە ناوچەیەکی ئارام بۆ سووریا دروست بکرێت و کوردستانیش بکەوێتە چوارچێوەی ئەو ناوچە ئارامەوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانێکی شایستەیان ھەبێت و ڕزگاریان بێت لەو ژیانە دژوارەی ھەیانە، لەبەر ئەوە، ئێمە ناوچەی ئارام بە چارەسەرێکی گونجاو دەزانین، کە بۆ بەشێکی سووریا پێشنیار کراوە."
kdp -
Top