ئەمەریكا و توركیا لە ئاستی باڵا دانوستان لەسەر ناوچەی ئارامی سووریا دەكەن
جەدعان عەلی، نوێنەری ئەنەكەسە لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ژمارەیەك وڵاتی زلھێز و ئیقلیمی، ئیدارەی ئەزمەی سووریا دەكەن، ھەریەك لەو وڵاتانەش بە دوای هەژموونی خۆیانن لە سووریا، بەداخەوە چەند رۆژێكە رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد خەڵكی ئیدلبیان كردووەتە ئامانج و بەرمیلی بارووتیان بەسەردا دەبارێنن".
ئەو سەركردەیەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێت: "تەنیا رێگەچارە بۆ رەوشی سووریا، رێككەوتنی نێودەوڵەتییە، لەبەر ئەوەشە بەردەوام كۆڕ و كۆبوونەوە لەبارەی رەوشی سووریا لە جنێف و ئاستانا و توركیا و ریاز و زۆرێك لە وڵاتان بەڕێوە دەچن، ھەمووشیان لە پێناو چارەسەرە بۆ رەوشی ئێستای سووریا و ئەمەش پێویستی بە رێككەوتنی نیودەوڵەتی هەیە".
جەدعان عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "چەند رۆژێكە لەسەر ئاستی باڵا شاندی ئەمەریكا و توركیا لە دانوستاندان بۆ ئەوەی ناوچەی ئارام لە سووریا دروست بكرێت، كە چۆن بەڕێوە ببرێت ئەو ناوچەیەی پێی دەڵێن ئارام، بە تایبەتی كێ تێدا دەسەڵاتدار بێت و بڕیارەكانی چۆن بدرێن، لە ئێستاشدا دانوستانەكان بەردەوامییان ھەیە، بەڵام نەگەیشتوون بە ئەنجامێكی كۆتایی و كاتی دروستكردنی ناوچەی ئارام دیاری نەكراوە".
kdp -
