شاندەکەی پارتی گەیشتە مەکتەبی سیاسی یەکێتی
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و لە هەریەک لە (فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، دکتۆر کەمال کەرکووکی و مەحموود محەمەد) پێکهاتووە.
ھەروەھا شاندەکەی یەکێتی پێکھاتوە لە (کۆسرەت ڕەسوڵ، لەتیف شێخ عومەر، شۆڕش ئسماعیل، حاکم قاد، عومەر فەتاح، عیماد ئەحمەد)
وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی واژۆ بکرێت.
پێشتر زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی گۆڕان و پارتی، دواتر لە مەراسیمێکدا ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی واژۆ دەکرێت، بێگومان واژۆ کردنی ئەو ڕێککەوتنە، کارێکی چارەنووسسازە و ھەنگاو دەنێین بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان“.
هەر لەمبارەیەوە د. کەمال کەرکووك ڕايگەیاند: "لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە پارتی و یەکێتی و گۆڕان رێککەوتوون،ئەمڕۆ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان ئێستا پارتی و یەکێتی رێککەوتنی نێوانیان واژۆ دەکەن".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەس کەووتوە، یەکێتی داوای پۆستی دیکەی لە شاندەکەی پارتی کردووە، بەڵام گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، هیچ داوایەکی زیاتر لەوەی لەسەری ڕێککەوتوون، نەکات و پێکهێنانی حکوومەت لەوە زیاتر دوانەکەوێت.
باسنيوز
